من عاشقم
من عاشقی ئێواره‌یهکی وه‌نه‌وشه‌ییم
که دوو چاویی پڕ حه‌سره‌ت
روومه‌ته‌کانیان تیا ته‌ڕ کردم و
دوو لێوی پاییزیی چرپاندیان: “رگات پڕ بێ له ڕۆشنایی ڕۆڵه‌که‌م”
ئینجا من کۆچم کرد.
من له‌ودیو سنوری ئاشناییدا ده‌ژیم
ژووره‌که‌م دراوسێی ئاو و
دۆستی تاشه‌به‌رده
له‌په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌مه‌وه
من هه‌میشه
گوێ له سترانی شه‌پۆل و ناڵانه‌وه‌ی که‌نار ده‌گرم
گوێ له ده‌نگی ته‌ڕی ته‌نهایی ده‌گرم
له په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌مه‌وه
جوانی دیاره
مه‌ستی، هه‌وه‌س، مه‌رگ دیاره
له په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌مه‌وه
دوورگه‌یه‌کی نیگه‌ران دیاره
له‌ودا
دایکم چوارمشقی دانیشتووه
دسته‌کانی پڕ له دوعا
نیگای پڕ له ئینتیزار
خه‌ڵکی ئه‌و دوورگه‌یه باڵایان تارماییه
چاویان فراوان چه‌شنی ده‌ریا
هه‌ر که که‌شتییه‌ک ده‌بینن
ده‌میان به قه‌د ئاره‌زوویان ده‌که‌نه‌وه و
هاوار ده‌که‌ن
ده‌سماڵی سپی ڕاده‌ته‌کێنن و
باوه‌ش بۆ هوما ده‌که‌نه‌وه
خه‌کی ئه‌و دوورگه‌یه هه‌ر هه‌موویان چاوه‌ڕێی هه‌ڵفڕین ده‌که‌ن
من نه‌مدیوه هیچ که‌شتییه‌ک له‌و دوورگهه‌یه به‌نده‌ر بگرێ
خه‌ڵکی ئه‌و دوورگه‌یه ته‌نھان
خه‌ڵکی ئه‌و دوورگه‌یه له ژووانی هه‌میشه‌یی حوزندان
ئه‌ی شه‌پۆلی هاوسێ
من له‌ناو خه‌ڵکی ئه‌و دوورگه‌یه
چاوی پڕ حه‌سره‌ت
لێوی پاییزیی ده‌بینم
من له ناو خه‌ڵکی ئه‌و دوورگه‌یه باڵای نائۆمێدی
به‌قه‌د باڵای تۆ به‌رز ده‌بینم
خه‌ڵکی ئه‌و دوورگه‌یه ته‌نھان
خه‌ڵکی ئه‌و دوورگه‌یه له ژووانی هه‌میشه‌یی حوزندان
تارماییه رووخساریان
پڕ ژانه ساته‌کانیان
من له ناو خه‌ڵکی ئه‌و دوورگه‌یه ده‌سته‌کانی دایکم ده‌بینم
سه‌رگوزه‌شته‌ی ژنانی هۆزه‌که‌م
دایکم به دهسماکی سپیه‌وه
چاوه‌ڕێی دیداری هوما ده‌کا
دیداری هه‌میشه ونبووی زارۆکه‌کانی
من هه‌موو سپێده‌یه‌ک
ئه‌و دوورگه‌یه ده‌بینم قوپ ده‌دا له ژان
دڵی ئه‌و دوورگه‌یه ده‌بینم
له ناو چوار سنوری چڕنووکاوی
هه‌موو به‌یانیه‌ک له ترپه ده‌که‌وێ
خه‌ڵکی ئه‌و دوورگه‌یه
رۆژانه له تاو ژیان
به هێڵی ته‌مدا
به‌ره‌و نێیانت ده‌کشێن
ئه‌ی شه‌پۆلی هاوسێم
من عاشقم
عاشقی دوورگه‌یه‌کی نیگه‌ران
که قوپ ده‌دا له ژان
ده‌سا ئه‌ی شه‌پۆلی هاوده‌م بمخه‌ره سه‌ر باڵی نه‌رمت
هه‌ڵمگره، لوولم بده، رامپێچه
وه‌ره با بچین پێکڕا
سترانێکی سپی
له ئاسمانی ئه‌و دوورگه یه‌خسیره بچڕین
سترانێکی سپی
بۆ دوورگه‌یه‌ک
که ژیانی له‌ژووانی هه‌میشه‌یی رۆچووندا به سه‌ر ده‌با
ژووانی هه‌میشه‌یی رۆچونی هۆزه‌که‌م.
نه‌زه‌ند به‌گیخانی